Wednesday, 26 June 2013

حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانێكی دیكەی "ستراتیژی" بۆ كشتوكاڵ دادەنێ

حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانێكی دیكەی "ستراتیژی" بۆ كشتوكاڵ دادەنێ

 
نەوزاد مەحموود
رووداو –سلێمانی24.6.2013
بەرپرسانی وەزارەتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان، بە بەستنی كۆنفرانسی پارێزگاكانەوە سەرقاڵن و لە كۆنفرانسەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆكدا، كە ئامادەكاریین بۆ دانانی پلانێكی ستراتیژیی كشتوكاڵی دیكە، دانیان بە شكستخواردنی پلانە پێنج ساڵییەكەی پێشوودا نا.
حكومەتی هەرێمی كوردستان، 5 ساڵ لەمەوبەر و بە بەشداریی چەند وەزارەتێكی پەیوەندیدار، پلانێكی ستراتیژی بۆ پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی راگەیاند كە دەبووایە بەگوێرەی پلانەكە ئەمساڵ ئەنجامەكەی رابگەیێنرێ، كەچی ئێستا بەرپرسانی كشتوكاڵ خۆیان بە دانانی پلانێكی دیكەوە سەرقاڵكردووە.
د.جەمال فوئاد، وەزیری پێشووتری كشتوكاڵ، باسی هۆیەكانی "شكستخواردن"ی ئەو پلانە دەكات و دەڵێ ئەوانەی پلانەكەیان دانابوو "زۆر لە كشتوكاڵ شارەزا نەبوون، شتی وا خەیاڵییان لەو پلانەدا دانابوو كە نەدەتوانرا لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ بكرێ".
جەمال فوئاد پێیوایە پلانداڕێژەران گرنگترین خاڵیان لەو پلانەدا لەبیركردووە كە ئەویش "دانانی كارگەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان بوو"، چونكە وەك ئەو گوتی "دانانی كارگە تاكە رێگایە بۆ گەڕانەوەی جوتیار بۆ گوندەكەی، بەڵام یەك كارگە دروستنەكرا".
د.جەمال فوئاد، كە ساڵانێك وەك راوێژكاری پێشكەوتوو لە وڵاتانی عەرەبی كاریكردووە و لەسەردەمی دوو ئیدارەییشدا لە سلێمانی وەزیری كشتوكاڵ بووە، پێیوایە شارەزوور و پشدەر "پێویستیان بە 8 كارگەی بەرهەمی كشتوكاڵی هەیە، بۆ ئەوەی دەیان گوند بە تەواوی مانا ئاوەدان ببنەوە و هەر چوار وەرزەكە بەرهەمی ناوخۆییان هەبێ نەك تەنیا دوو مانگ".
نەدەكرا ئەو پلانە ستراتیژییە بەو دەردە نەچێ؟ وەڵامی ئەو پرسیارە بەلای د.تاڵب موراد، راوێژكاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئاسایشی خۆراك و ئاو، هێندە قورس نییە. بەڵام ئەو پرسیارێكی دیكە دێنێتە پێشەوە "ئەی پارەی بۆ خەرجكرا؟ خۆ پلان لەسەر كاخەز جوانە". ئەو راوێژكارە باسی ستانداردێكی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات بۆ ئاسایشی خۆراك كە پێویستی كردووە لەسەر وڵاتانی جیهانی سێ و دەڵێ "پێویستە هەر وڵاتێك 10%ی بودجەكەی بۆ كشتوكاڵ دابنێ، بەڵام ئەوەندەی من بزانم لێرە 2% كەمتریشی بۆ دانرابوو".
د.تاڵب موراد، نیگەران بوو لەوەی هیچ پرس و رایەك بەو نەكراوە لە پلانەكاندا و دەڵێ چەند جار بینیویەتی لە رۆژنامەكان كە گوایە 80%ی پلانەكە تەواو بووە. هەروەها دەڵێ "لەگەڵ بایز تاڵەبانی، وەزیری دارایی دانیشتم و پێمگوت چەندتان پارە بۆ ئەو پلانە ستراتیژییە خەرجكردووە، گوتی یەك دینار خەرج نەكراوە".
تاڵب موراد كە ساڵانێكی درێژ لە رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان FAO لە وڵاتانی باكووری ئەفریقا كاری كردووە، روودەكاتە بەرپرسانی وەزارەتی كشتوكاڵ كە بە دانانی پلانێكی نوێوە سەرقاڵن و دەڵێ "ئەگەر 10%ی بودجەی بۆ دابین نەكرێ، هیچیان پێناكرێ". ئینجا لە بارەی پلانە نوێیەكەی كشتوكاڵەوە گوتی "تەنیا دەفتەرێكی جوان دەبێ".
وەك بەرپرسان و شارەزایان باسیدەكەن، 5 ساڵ لەمەوبەر بە دەستپێكردنی ئەو پلانە، جموجۆڵێك لەڕووی دروستكردنی خانووی پلاستیكی و وەرگرتنەوەی دانەوێڵەی گەنم و جۆ و دابینكردنی كرێی گواستنەوەی بەرهەمی كشتوكاڵی جوتیاران بۆ عەلوە دەستیپێكرد، بەڵام ئامانجە سەرەكییەكانی خۆی نەپێكا لەڕووی زیادكردنی بەرهەمی خۆماڵی و داخستنی دەرگاكانی هاوردەكردنی سەوزە و میوە.
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی، كۆتایی ماوەی پلانە ستراتیژییەكەی راگەیاند و هاوكات دانی بەوەشدا نا كە ئەو پلانە شكستی هێنا. فەرەیدون عومەر دەڵێ لە بەرهەمهێنانی گۆشت و میوەدا گەیشتینە 50%، لە بەرهەمهێنانی سێو و قەیسی و هەڵوژە و سەوزەدا گەیشتینە نزیكەی 30%، بەڵام لە گەنمدا لە هەرسێ پارێزگاكە ساڵی پار گەیشتینە 500 هەزار تۆن لە ساڵێكدا كە هەرێمی كوردستان هەر ئەوەندەی پێویستە، بەڵام كەموكوڕی پلانەكە ئەوەبوو كە پێویستە زیاتر لە 500 هەزار تۆن بەرهەمبهێنێ".
فەرەیدون عومەر، باسی ئامادەكارییەكانی پلانی نوێی كشتوكاڵی دەكات و پێیوایە جیاواز دەبێ لە پلانی پێشوو "ئەمجارە هەر پارێزگایە و لە رێگەی كۆنفرانسێكەوە لە پێویستییەكانی دەكۆڵینەوە، دواتر راسپاردەكانی لە كۆنفرانسێكی سەرەكیدا دەكرێنە پلانێك".
كەرتی بیناسازی و وەبەرهێنان، زۆرترین پانتایی ئەو پێشكەوتنەی داگیركردووە كە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام جەختی لێدەكەنەوە. بەڵام بە بڕوای شارەزایان، ناكرێ باسی پێشكەوتن بكرێ، ئەگەر كەرتی كشتوكاڵ پێشنەكەوێ .
د.جەمال فوئاد دەڵێ "عەیبەی گەورە ئەوەیە دوای 5 ساڵ كاركردن توور لە دەرەوە بهێنی، گێزەر لە ئوسترالیاوە بهێنی، لە كاتێكدا بەرهەمهێنانی گێزەر زۆر ئاسانە، ئاگادارم ساڵانە چەند ملیار دۆلار دەچێتە گیرفانی جوتیارانی ئێرانی و توركی و سووری".
باسی ساڵانی پێش پلانەكە دەكات و پێیوایە لانیكەم هەندێك كارگە هەبوون "كوا كارگەی چەوەندەری قلیاسان و رۆنی عەربەت؟ عەیب نییە خەڵك لە گوندەكانی شارباژێڕ و شارەزوور ماست و شیری ئێرانی بكڕن؟".
بەبڕوای ناوبراو، كاتێك حكومەت 8 كارگە لە شارەزوور و شارباژێڕ دەكاتەوە، دەبێ دوو ساڵی سەرەتا باجی قورس بدات و زەرەر بكات "بەڵام دواتر دەكەوێتە سەرقازانج و تێدەگات چ كارێكی گەورەی ئەنجامداوە".
زۆربەی بەرپرسان، هۆكاری شكستخواردنی پلانە ستراتیژییەكەی كشتوكاڵیان بۆ تەرخاننەكردنی بودجە گێڕایەوە، بەڵام دلێر تاریق، وتەبێژی وەزارەتی دارایی دەڵێ پێویستە كاتێك پلانێك دادەنرێ "بڕی بودجەی پێویستی تێدا دیاری بكرێ". ئەو قسەیە لەكاتێكدایە كە پلانە پێنج ساڵییەكەی حكومەت بەوردی بودجەی پێویستی بۆ جێبەجێكردنی پلانەكە دیاری كردبوو.


No comments: